بنەمای پیتەر Peter Principle

ڕوودەدات بێتواناكان لە هەموو پلە و پۆستێكدا بن، مامۆستا، دادوەر، دكتۆر، ئەندازیار، بەڕێوەبەر، …

بێتوانا تەنها لە یەك بوار و پلە و پۆستدا نیە بەڵكو لە گشت بوارێكدا ڕوودەدات لە دامودەزگای حكومی بێت یان كەرتی تایبەت، بە تایبەتی كاتێك دەبرێنە ئاستێكی بەرزتری بەرپرسیاریەتیەوە لە پەیكەری ڕێكخستنی دامودەزگادا.

كاتێك لە نزیكەوە دەڕوانین دەردەكەوێت كە نازانن چی بكەن و بیرۆكەیەكیان نیە ئەركەكانیان چین و خۆیان لە بابەتی لاوەكیدا ون دەكەن و بڕیاری هەڵە و بێسەروبەر دەدەن كە زۆر جار كارەسات ڕوونادات چونكە  بەرپرسی بێتوانا كارمەندی بەتوانایان هەیە كە بڕیارە هەڵەكانی بە ئاڕاستەی گونجاودا دەبەن بە بێ ئەوەی ئەو هەستی پێ بكات.

لاورێنس جەی پیتەر داهێنەری بنەمای پیتەر، چەندین نمونەی سەبارەت بە دیاردەی پیتەر كۆكردەوە و شیكردنەوەی بۆ كردن. گشت كەسەكان لە پۆستێكدا بون كە زۆر بە چالاكی و توانایەكی باشەوە كاریان كردوە، وە لەبەرئەوەی خۆیان وەك كەسانی بەتوانا سەلماندوە بەرزكراونەتەوە بۆ پۆستێكی باڵاتر و بەرپرسایەتی گەورەتر، كە بۆ ئەم پۆستە نەگونجاون و بێتوانان.

لە ئەنجامی شیكردنەوەی چەندەها لەم كەیسانە پیتەر بنەماكەی خۆی داڕشت كە دەڵێت:

لە پەیكەری ڕێكخستنی دامودەزگاكاندا هەموان حەز دەكەن بەرز بكرێنەوە تا دەگەنە ئاستی بێتواناییان.

واتە بەرز دەكرێنەوە بۆ ئاستێك ئیتر ئەزمون و توانای نیە بۆ ئەوەی بەرزتر بكرێتەوە، بەم شێوەیە دوای ماوەیەك گشت پۆستەكان پڕكراونەتەوە بە كارمەندی بێتوانا كە ناتوانن ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن. بێگومان هەمان پێكەوە ناگەنە ئاستی بێتواناییان واتە ئەو كارمەندانەی كە هێشتا نەگەیشتونەتە ئاستی بێتواناییان تا ڕاددەیەك دەتوانن ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن و كارەكانی دامودەزگا ئەوان ئەنجامی دەدەن.

نمونە زۆرن لەوانە، مامۆستایەك لە وانەوتنەوەدا زۆر بەتوانایە و ئەنجامی زۆر باشی هەیە بەرز دەكرێتەوە بۆ بەڕێوەبەر، لێرەدا تووشی شكست دەبێتچونكە ئیداریەكی باش نیە.

لە بەڕێوەبەرایەتیەكدا فەرمانبەرێك زۆر بە توانایە و كارەكانی خۆی زۆر بە سەركەوتوویی بە ئەنجام دەگەیەنێت، دوای ماوەیەك دەكرێت بە بەڕێوەبەر، بەڵام تووشی شكست دەبێت چونكە توانای سەركردایەتی و بەڕێوەبردنی نیە.

نیشانەكانی گەیشتن بە ئاستی بێ توانایی:

فۆنۆفیلی Phonophilie

هەبوونی چەند تەلەفۆنێك و لەیەك كاتدا چەندین تەلەفۆن وەرگرتن. ئەو كەسانە زیاتر لە كۆنتاكتدا بێهێزن و هەوڵ دەدەن بێهێزیەكەیان بەو شێوەیە داپۆشن.

 

پەپیرۆفۆبی Papyrophobie

حەز ناكات یەك وەرەقە لەسەر مێزەكەی ببینێت و وادەزانێت دەبێت هەموو ئیشەكان یەكسەر بكات، بەڵام لە ڕاستیدا وەرەقە ئیشەكەی بیر دەهێنێتەوە كە ڕقی لێیەتی.

پەپیرۆمانی Papyromanie

پێچەوانەی پەپیرۆفۆبیە و  پەز دەكات وەرەقە وەك چیا لەسەر مێزەكەی بەرز بكاتەوە و دەری بخات كە ئیشی زۆرە و زیاتر لەوەی كە بتوانێت بیكات.

وەهمی ڕێكخستن Order delusion

حەز دەكات كارەكان و فایلەكان ڕێك بخات لەجیاتی ئەوەی جێبەجێیان بكات، ئاوڕ بۆ دواوە دەداتەوە لەجیاتی ئەوەی بۆ داهاتوو بڕوانێت.

حەزكردن لە مەزنێتی Tabula-Gigantismus

حەز دەكات مێزەكەی لە مێزی هاوپیشەكانی گەورەتر بێت و یاخود ئۆفیسی مەزن و گرانبەهای هەبێت.

كاركردن بە توندی Rigor cartis

هەوڵ دەدەن بچووكترین پرۆسەی كار بەپێی یاسا و ڕێنمایی و فەرمانەكان ڕێك بخرێن.

دوودڵی و ڕاڕایی Wavering and wobbling

بێتوانایی تەواو  لە وەرگرتنی بڕیاردا و ئەو كەسانە لێ دەگەڕێن كێشەكان بخەون تا درەنگ دەبێت بۆ چارەسەر یاخود خۆی چارەسەر دەبێت وە یاخود یەكێكی تر بڕیار دەدات.

بیناخواز Structurophilie

بەردەوام خۆی بە پلان و بیناو جوانكاری بیناكەیەوە سەرقاڵ دەكات بەبێ ئەوەی بەلایەوە گرنگ بێت چی لەناو بیناكەدا روو دەدات و چ كارێك دەبێت ئەنجام بدرێت.

 

خۆپاراستن لە دیاردەی بنەمای پیتەر

سەبارەت بە خودی خۆمان، بەردەوام فێروون و پەرەپێدان هەروەها خوێندنەوە بكە بە عادەت.

سەبارەت بە بەرپرسانی كۆمپانیا و دامودەزگا:

  • دیاریكردنی پسپۆڕیی پێویست بۆ هەر یەك لە پلە و پۆستەكان.
  • توانای سەركردایەتیكردنی كارمەندەكانت تاقی بكەرەوە.
  • پشتگیری و هاوكاریكردنی سەركردە و بەڕێوەبەرەكانی دواڕۆژ.
  • دووربكەوەرەوە لە بەرزكردنەوە لەسەر بنەمای هەوڵ و كۆشش.
  • زەمینە بڕەخسێنە پێش ئەوەی پێویستت پێی هەبێت (توانای كارمەندەكانت بەرزتر بكەرەوە و مەهێڵە كەسانی بە توانا دامودەزگاكەت بەجێبهێڵن و بڕۆن)
  • دانانی بەرنامەیەكی هەڵسەنگاندن و وردبینیكردنی كارمەندەكان.