حكومەتی ئەلكترۆنی e-Government
شێوە ڕێكخستنێكی كاروباری دەوڵەتە لە ڕێی تەكنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندیەكانەوە كە معاملات و پرۆسەكانی خزمەتگوزاری لە نێوان دەوڵەت لە لایەك و هاوڵاتیان و كۆمپانیا و دامودەزگاكان لە لایەكی ترەوە لەخۆ دەگرێت. یان دەتوانین بڵێین بە ئەلكترۆنی كردنی پرۆسە ئیداریەكانی دەوڵەتە.
كەواتە حكومەتی ئەلكترۆنی وەك بینایەكی ئەلكترۆنی وایە كە لەسەر بناغەی پەیكەربەندی دەوڵەت (الهیكل التنظیمی للدولة) و پرۆسەی كاركردن و معاملاتەكانی هاوڵاتیان دروست دەكرێت.
بۆیە زۆر گرنگە پێش دەستپێكردنی بیناكە٬ بناغەكەی بگونجێنرێت و چاكتر بكرێت چونكە دوای دروست كردنی بیناكە٬ گۆڕانكاری و چاكسازی كات و مەسرەفی زۆری دەوێت.
حكومەتی ئەلكترۆنی شۆڕشێكە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیستەمی ئیداری و خەڵكەوە چونكە پرۆسەكان و پەیكەربەندی دووبارە دادەڕێژرێتەوە كە چەندین لایەن لەخۆ دەگرێت وەك شەفافیەت٬ بیرۆكەی نوێ٬ چاكسازی٬ كەم مەسرەفی و تازەگەری كە دیموكراتی و بەشداركردنی خەڵك لە ئیدارەدا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
حكومەتی ئەلكترۆنی ئەو هەلە دەڕەخسێنێت پرۆسەی دیموكراتی پیادە بكرێت٬ لێرەدا باس لە دیموكراتی ئەلكترۆنی دەكرێت e-Democracy كە ئەو خزمەتگوزاریە ئەلكترۆنیانە دەگرێتەوە كە پەیوەندیەكانی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیان و پرۆسەی بەشداركردنی هاوڵاتیان لە پێشخستنی دەوڵەت و كاروبارەكانیدا پشتگیری دەكات لەڕێی كوالیتی باشی سیستەمەكانیەوە و گەیاندنی داتا و زانیاری بە هۆی سیستەمی خێرای پەیوەندیەوە.
ئینتەرنێتی خێرا و ئیمەیڵ و سەكۆی گفتوگۆ و ڕای خەڵك Feedback و سكاڵا و ناڕەزایی و بیروبۆچوونی نوێ و پرسیار و وەڵام٬ ئەمانە سیستەمەكان دەوڵەمەند دەكەن و ئەزموونی زیاتری پێ دەبەخشن و لەهەمان كاتدا بەكارهێنانێكی دیموكراتیانەی حكومەتی ئەلكترۆنین٬ جگە لە بەشدار كردنی هاوڵاتیان لە مەسەلە و بابەتی گرنگدا و ئەنجامدانی ڕاپرسی و زانیاری كۆكردنەوە لەسەر هەر بابەتێك.
دەتوانین قۆناغەكانی دروست كردنی حكومەتی ئەلكترۆنی بەم شێوە پێناسە بكەین:
١- قۆناغی دراسەی وەزعی ئێستای سیستەمی ئیدارەی دەوڵەت
سیستەمی ئیدارە و پەیكەربەندی (الهیكل التنضیمی) لەسەرەوە بۆ خوارەوە شیبكرێتەوە واتە بۆ نمونە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ وەزارەتەكان و هەتا بەڕێوەبەرایەتیەكان.
هەڵسەنگاندنی حاڵەتی ئێستای ئای تی Status Quo لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا. واتە لە دائیرەكاندا تا چ ڕادەیەك باری ئای تی Information Technology گونجاوە وبواری زانستی كۆمپیوتەر لە چ ئاستێكدایە.
ئای تی زۆر پێویستە لە هەموو دامودەزگایەكی حكومی و ئەهلیدا بۆ بەڕێوەبردن و ڕاگرتنی زانست و زانیاریەكان و مامەڵەكان لە چالاكیە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكاندا, بۆیە لەم دامودەزگایانەدا ئای تی بناغەی پێشخستن و پاڵپشتی بیزنیس و ئیدارەیە.
لە كاتێكدا زۆربەی دامودەزگاو كۆمپانیاكان سوودەكانی بەكارهێنانی ئای تیان درك پێ كردوە, بەڵام سەركەوتووەكانیان هەستیان بە مەترسی و كێشەكانی پیادەكردنی تەكنۆلۆجیایەكی وا گەورە و گۆانكاریە بنەڕەتیەكانیش كردوە, گرنگترین كێشە و ململانێكان لەم خاڵانەوە سەرچاوە دەگرن:
- گونجاندنی ستراتیجیی ئای تی لەگەڵ ستراتیجیی بیزنیس.
- گەیاندن و ڕەنگدانەوەی ستراتیجی و ئامانجەكان بە هەموو بەشەكانی دامودەزگا و كۆمپانیاكان.
- ئامادەكردنی شێوەی پەیكەربەندی (هەیكەلی تەنزیمی) دامودەزگاكان بەجۆرێك كە بتوانێ خزمەت بە ئامانج و ستراتیجیەكان بكات.
- هەبوونی دەزگایەكی كۆنترۆڵی ئای تی كە ئەركەكانی چاودێری و بەردەوام چاكسازی لە ئەستۆ بگرێت.
- پێوانی ڕادەی گەیویی ئای تی و ڕادەی گەیوی پرۆسەكان Process Maturity و پێوانی چاكیی پرۆسەیەك.
٢- قۆناغی كێشانی نەخشەی ستراتیجی حكومەتی ئەلكترۆنی
ئامادە كردنی نەخشەیەكی ڕێگا و كێشانی هێڵە ستراتیجیەكانی ئەم پرۆژە گەورەیە لەسەر بنەمای كات- بودجە- كوالیتی لەگەڵ بەش بەش كردنی پرۆژەكە بەشێوەی قۆناغ و ئنجا بۆ پاكەت پاكەتی یەك لەدوای یەك و تەریب بەیەكتری.
لەم قۆناغەدا بابەتە گرنگەكان و ئامانجی حكومەتی ئەلكترۆنی پێناسە دەكرێت و پرۆژەكانیشی دەبێت لە خزمەتی ئەو ئامانجانەدا بن٬ هەندێ لەو ئامانجانە بریتین لە:
- كارئاسانی و خێراگەیاندنی خزمەتگوزاری و زوو تەواوكردنی كاری هاوڵاتیان.
- توانای بەدواداچونی معاملات لە ئینتەرنێتەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە و گەیاندنی دەنگیان بە دەوڵەت.
- شەفافیەت و توانای چاودێری و كۆنترۆڵ لە پرۆسەكانی كاركردندا.
- كۆكردنەوە و ئەرشیف كردنی زانیاریەكان.
- دڵنیابوون لە ئەنجامدانی چاكسازی بەردەوام و بەرزكردنەوەی ئاست و تواناكانی كارمەندان.
- بەشداریكردنێكی دیموكراتیانەی هاوڵاتیان لە پرۆسەكانی دەوڵەتدا.
هەموو پرۆژە یان كار و مامەڵەیەك بۆ خەڵكانێكەو دەوری تێدا دەبینن كە پێیان دەوترێت گروپی ئاڕاستەكراو Target group ٬ ئەویش دەتوانین وەك خوارەوە دەستنیشانی بكەین:
- هاوڵاتیان
- كۆمپانیاكان
- دامودەزگا و ڕێكخراوەكان
- ئیدارەكانی دەوڵەت
٣- قۆناغی دروست كردنی مۆدێلی پرۆسەكان Process model
یەكێك لە گرنگترین كۆڵەكەكانی حكومەتی ئەلكترۆنی پرۆسەكانە Processes .
پرۆسە پێكهاتەیەكە كە تەنۆلكەكانی بریتین لە “ئەركەكان”, ” لە ئەستۆگرانی ئەركەكان”, ” شت” لەگەڵ “زانیاریەكان” كە وەك ئەڵقەی یەك لەدوای یەك بەشێوەیەكی مەنتیقی پێكەوە گرێدراون و دووریەكانی (ابعاد) كە بریتین لە كات٬ شوێن لەگەڵ بڕیان بەشێوەیەكی ڕوون دیاری كراوە.
پرۆسە بە ڕوودانێك دەست پێ دەكات Input و بە ڕوودانێك كە نرخێك پێشكەش بە داواخواز دەكات Output كۆتایی دێت٬ واتە پرۆسە دەستپێكردن و كۆتایی هەیە.
پرۆسە لە سوڕێك پێك دێت كە ڕێچكە و گۆڕینی “مادە” و “زانیاری” و “بڕیار” لەخۆ دەگرێت و دەكرێ پرۆسەیەك لە چەند پرۆسەیەكی لاوەكی پێك هاتبێت.
هەموو پرۆسەیەك خاوەنێكی هەیە و خاوەنەكەش جێگری هەیە ئەگەر ئەو لەوێ نەبوو پرۆسەكە ڕاناوەستێت.
چاكسازی سەرتاسەری و بنەڕەتی و باش كردنی پرۆسەكانی كار لە خوارەوە بۆ سەرەوە واتە بۆ نمونە لە دائیرەكانەوە دەست پێ بكرێت باشترە بەرەو بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەت تا دەگاتە ئەنجومەنی وەزیران.
لێرەدا چاكسازی دوو واتای هەیە٬ یەكەمیان چاكسازیە بە واتای خەڵك واتە قەلاچۆكردنی گەندەڵی و دووەمیان چاكسازی بەردەوام بە واتای BPM (Business Process Management) و CMMI (Capability Maturity Model Integration) كە ئەمانیش دوو زانستن لە بواری بەڕێوەبردنی پرۆسەكان و بەڕێوەبردنی پرۆژەكاندا، لە داهاتوودا زیاتر لەسەری دەدوێین.
دەتوانین وەك نمونە كورتە باسێكی قۆناغەكانی پرۆسەكان بكەین كە لە هەرێمی سەكسۆنیای ئەڵمانیا پیادە كراوە.
لەو مۆدێلەدا بەشی ستراتیجی بریتیە لە كۆنترۆڵ و پلان دانان و هەڵسەنگاندنی پرۆسەكان:
لە قۆناغی ستراتیجی پەرەپێداندا ئامانجەكان پێناسە دەكرێن و دەبن بە بناغەی ستراتیجیەكە و نەخشەی ڕێگا دادەڕێژرێت. ئنجا ستراتیجیەتی پلان دانان هەموو تەگبیر و پلانەكان لەخۆ دەگرێت كە ئامادەی جێبەجێكردن دەبن و پشتگیری تەواوی هەموو پرۆسەكانی حكومەتی ئەلكترۆنی دەكەن. دواترلە ستراتیجیەتی هەڵسەنگاندندا هەموو پرۆسەكانی حكومەتی ئەلكترۆنی لەگەڵ ناوەرۆك و پسپۆڕیان٬ هەروەها پێویستی بونیان و دەورەی ژیانیان و دەوریان لە گەیشتن بە ئامانجدا هەڵدەسەنگێنرێن.
پاشان لە قۆناغی بەگشتی كردندا ئەنجامەكانی ستراتیجیەتی هەڵسەنگاندن بە تەواوەتی تاقی دەكرێتەوە و لە گونجاندی لەگەڵ هەموو چالاكیەكانی نەخشە و پلاندا دڵنیا دەبین و ئامادە دەكرێن كە لە شوێنی تریشدا بەكاربهێنرێن.
بەشی پلان دانان وەسفی یەكەیەكەی چالاكیەكانی حكومەتی ئەلكترۆنی دەكات:
لە قۆناغی جێبەجێ كردندا هەنگاوەكانی ستراتیجیەتی پلان دانان پیادە دەكرێن، بە هەموو پرۆژەكانی حكومەتی ئەلكترۆنیەوە كە سووڕی جێبەجێكردن لە خۆ دەگرێت وەك (شی كردنەوە٬ داڕشتن و پەرەپێدان) دوای ئەوە لە قۆناغی ڕۆتینیاتدا بەردەوام بەكارهێنانی ئەنجامەكانی قۆناغی جێبەجێكردن پیادە دەكرێت ئەمانەش ئەو پرۆسانە لەخۆدەگرن كە بەردەوام دووبارە دەبنەوە.
لە قۆناغی هەڵسەنگاندن و تاقیكردنەوەدا هەموو پرۆسە و مەبەستی كارەكان و ئامانجەكانیان هەڵدەسەنگێنرێن و تاقی دەكرێنەوە زانیاریەكانی ئەم قۆناغەش لە قۆناغەكانی جێبەجێكردن و ڕۆتینیاتەوە سەرچاوە دەگرێت.
پتەوی ئیدارەی دەوڵەت ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پرۆسەكانیەوە لەبەرئەوە باش بەڕێوەبردنی پرۆسەكان و ڕوونیان (شەفافیەت) باش بەڕێوەبردنی دەوڵەتە.
٤- قۆناغی پلانی جێبەجێكردن
كاتێك دەوڵەت بەنیازە حكومەتی ئەلكترۆنی پراكتیزە بكات٬ دەتوانین نەخشەی ڕێگاكە وەك خوارەوە لە ١٠ خاڵدا كورت بكەینەوە:
- گوڵبژێر و چاكسازی پرۆسەكان.
- شەفافیەت.
- بەشداركردنی لایەنی بەرامبەر.
- دەمج كردنی بەكارهێنەر و هێنانەناوەوەی بۆ ناو بازنەی سیستەمەكە.
- بەكارهێنانی ستاندارد.
- هاوكاری و هەماهەنگی لەنێوان هەموو دامودەزگاو لایەنەكاندا.
- دابین كردنی بودجەی تەواو پڕاوپڕی پرۆژەكە.
- پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری.
- دروست كردنی اختصاصات و دەستنیشانكردنی كەسانی پسپۆڕ و شارەزا.
- پلان دانانی تسویق و ڕیكلام و هاندانی هەموو لایەنەكان بۆ هەماهەنگی كردن.
هەریەك لەم خاڵانە دەتوانرێت زیاتر شیبكرێنەوەو لەسەریان بدوێین و ڕێ و شوێنی جێبەجێكردنیان دەستنیشان بكەین.
خاڵێكی تری گرنگ لێرەدا ئەوەیە لەنێوان دائیرەكاندا پرۆسەی لەیەك چوو دەستنیشان بكرێت بۆئەوەی وەك یەك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و لە بواری جێبەجێكردندا خزمەتگوزاریەكان دووبارە بەكاربهێنرێنەوە، ئەم جۆرە خزمەتگوزاریەی ئای تی پێی دەوترێت SOA Service Oriented Architecture واتە تەلارسازی بە ئاڕاستەی خزمەتگوزاری٬ لێرەدا مەبەست لە تەلارسازی ئیدارە و كاركردنی ئای تی یە لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری و پێویستیەكانی خەڵك كەئەمەش دەبێتە هۆی بەكارهێنانەوەی پرۆسەكان و دووبارە نەبونەوەی كارو پرۆژەی لەیەكچوو.
بۆ سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانج لەم چوار قۆناغەدا كە باسمان كرد وهەروەها لە هەموو هەنگاوەكانی حكومەتی ئەلكترۆنیدا چەند بابەتێك هەن كە پێویستە بۆ هەموو لایەنەكان ڕوون بكرێنەوە و كاریان لەسەر بكرێت پێ بەپێی كاركردن لەسەر پرۆژەكان٬ لەوانەش گرنگترینیان بریتین لە:
- ئای تی IT دەبێت لە خزمەتی بیزنیس و ئیدارەدا بێت.
- پرۆژەكان لە خزمەتی هەمواندان و هیچ كەس كارەكەی لێ ناسەندرێتەوە بەڵكو بە پێی پێویست ئەركی تازە و مۆدێرنتر وەردەگرێت.
- پرۆسە ڕاناوەستێت و بەردەوامیش لە چاكسازیدایە.
- شان بەشانی ئای تی و پرۆسەكان٬ گرنگی دان بە پەرەپێدان و پێشخستن لە بوارەكانی پەیكەربەندی Organizational Structure دامودەزگاكان و بەڕێوەبردنی زانین Knowledge Management (واتە چی و چەند دەزانین) و بەڕێوەبردنی كوالیتی Quality Management و بازاڕ و بەشی خۆیەتی Personal
حكومەتی ئەلكترۆنی لەسەر چوار كۆڵەكە بەندە ئەوانیش بریتین لە:
سەرچاوەكان Ressources ، تەكنۆلۆجیا Technology ، خەڵك People ، پرۆسەكان Processes
بەهێزی و پتەوی هەر یەك لەم كۆڵەكانە بەهێزی و پتەوی حكومەتی ئەلكترۆنیە ئەمەش بەهێزیی خودی حكومەت نیشان دەدات، بۆیە پێویستە لەسەر هەر یەك لەم كۆڵەكانە كار بكرێت و پلانی وردی ستراتیجی بۆ دابڕێژرێت.
بە پێی پێویستیەكانی هاوڵاتیان و گرنگیان، حكومەتی ئەلكترۆنی بەش بەش دەكرێت و دەتوانین سەرەتا چەند بەشێك بخەینە خزمەتەوە و بە تەریبی كار لەسەر بەشەكانی تر بكەین و ئەنجامەكان هەڵبسەنگێنین و چاكسازی بەردەوام جێ بەجێ بكەین لە نەخشەو پرۆژەكاندا.
ئاشكرایە دروست كردنی حكومەتی ئەلكترۆنی كارێكی ئاسان نیە بەڵام قازانجەكانی حكومەتی ئەلكترۆنی ئەوەندە گەورەن كە پێویستە هەموو لایەك لەسەر بەدیهێنانی كۆك بن و هاوكاری بكەن چونكە پرۆژەی لەم جۆرە لە كوردستان و بگرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا كەمن و هێشتا زۆر سەرەتایین هەروەها دەتوانین بڵێین ئەزموونیش نیە جگە لە نەبونی بنەماكانی ئای تی.
بەڵام ڕێگای هەزاران میل بە یەك هەنگاو دەست پێ دەكات و گرنگ هەبونی پلانی بەهێز و سووربونە لەسەر جێبەجێكردنی.